وتووێژی گۆڤاری ئاوێنه‌ ... وتووێژه‌کان

حیزبی دێموکڕات که‌ لایه‌نێکی سیاسی هه‌ره‌ سه‌ره‌کی کوردستانی ئێرانه‌،

ئه‌م رۆژانه‌ به‌ هه‌لوومه‌رجێکی نا ئاسایی و دژواردا تێده‌په‌رێت>>>

 
z ڕێکه‌وتی 2006/8/29-22:42 له‌لایان qader wirya چینی وتووێژه‌کان
وتووێژ سه‌باره‌ت به‌ 2ی‌ رێبه‌ندان ... وتووێژه‌کان
پ: به‌ڕێز كاك قادر وریا! رێبه‌رانی‌ كۆماری‌ كوردستان هه‌تا چه‌ند توانیان دیارده‌ مۆدێڕنه‌كانی‌ سه‌رده‌م له‌ كۆمه‌ڵی‌ سوننه‌تیی‌ كوردستاندا پیاده‌ بكه‌ن؟
و: حه‌ز ده‌كه‌م له‌ پێشدا ئاماژه‌ به‌ كۆمه‌ڵێك له‌و دیاردانه‌ بكه‌م كه‌ مۆدێڕن بوون‌و، رێبه‌رانی‌ كۆماری‌ كوردستان هێنایاننه‌ نێو ژیانی‌ گه‌لی‌ كورد‌و كۆمه‌ڵی‌ كورده‌واری‌، پاشان له‌ پیاده‌كردنیان بدوێم.
به‌ بڕوای‌ من هه‌ر نه‌فسی‌ راگه‌یاندنی‌ كۆمار وه‌ك سیستمێكی‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌تی‌، ئه‌ویش له‌ نێو وڵاتێكدا كه‌ رێژیمه‌كه‌ی‌ پاشایه‌تی‌ بوو، واته‌ هه‌ڵگرتنی‌ ئاڵای‌ كۆماریخوازی‌‌و بنیاتنانی‌ سیستمێك بۆ ده‌سه‌ڵاتداره‌تی‌ له‌سه‌ر بناغه‌ی‌ كۆماری‌، نه‌ك هه‌ر له‌ ئاستی‌ كوردستان، به‌ڵكوو له‌ ئاستی‌ ناوچه‌شدا شتێكی‌ تازه‌ بوو. له‌ حاڵێكدا له‌ ئێران‌و زۆربه‌ی‌ وڵاتانی‌ دراوسێی‌ ئێران‌و له‌ ناوچه‌ی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ نێوه‌ڕاستدا، نیزامی‌ پاشایه‌تی‌‌و دیكتاتۆریی‌ فه‌ردی‌‌و بنه‌ماڵه‌یی‌ له‌سه‌ركار بوون، حیزبی‌ دێموكراتی‌ كوردستان‌و دامه‌زرێنه‌رانی‌ كۆماری‌ كوردستان، سیستمی‌ كۆمارییان بۆ كوردستان هه‌ڵ‌بژارد، سیستمێك كه‌ به‌ڕێوه‌به‌رانی‌، به‌هۆی‌ ده‌نگی‌ خه‌ڵكه‌وه‌ هه‌ڵ‌ده‌بژێردرێن. ئه‌مه‌ شتێكی‌ یه‌كجار نوێ‌ بوو كه‌ به‌داخه‌وه‌ مێژوونووسان‌و لێكۆڵه‌رانی‌ سیاسیی‌ ئێرانی‌‌و ته‌نانه‌ت كوردیش زۆر به‌ كه‌می‌ ئاوڕیان لـێ‌داوه‌ته‌وه‌.
له‌ باره‌ی‌ دیارده‌ مۆدێڕنه‌كانی‌ دیكه‌وه‌، ده‌توانم بڵێم زۆربه‌ی‌ كار‌و هه‌نگاوه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ كۆمار به‌سه‌رنجدان به‌ هه‌لومه‌رجی‌ سیاسی‌، ئابووری‌، كۆمه‌ڵایه‌تی‌‌و كه‌لتووریی‌ ئه‌و سه‌رده‌می‌ كوردستان‌و ئێران، نوێ‌ بوون. رێزگرتن له‌ بیروباوه‌ڕ‌و، دین‌و ئایین‌و، زمان‌و میللییه‌تی‌ جیاواز له‌لایه‌ن كۆماری‌ كوردستانه‌وه‌‌و، دابینكردنی‌ ماف‌و ئازادیی‌ كه‌مینه‌كان دیارده‌یه‌كی‌ مۆدێڕن بوو. ئارچیباڵد رۆزڤێڵت له‌ باسی‌ كۆماری‌ كوردستاندا ده‌ڵێ‌ له‌ ته‌ورێز خه‌ڵك ته‌نیا ده‌یانتوانی‌ گوێ‌ له‌ رادیۆی‌ باكۆ (سۆڤیه‌ت) بگرن، به‌ڵام له‌ مه‌هاباد گوێگرتن له‌ هه‌موو رادیۆكان شتێكی‌ ئاسایی‌ بوو. ئازادی‌ به‌و راده‌یه‌ بوو كه‌ شاعێرێكی‌ وه‌ك خاڵه‌ مین به‌ شێعر ـ كه‌ شێعره‌كه‌شی‌ له‌نێوه‌ خه‌ڵكدا بڵاو ببۆوه‌ ـ ره‌خنه‌ی‌ توندی‌ له‌ پێشه‌وا كه‌ سه‌ركۆمار بوو گرتبوو، بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌سه‌ر ئه‌م كاره‌ بێ‌رێزی‌ پێ‌بكرێ‌. ئه‌و مافانه‌ی‌ له‌ مه‌جالی‌ خوێندن به‌ زمانی‌ زگماكی‌‌و به‌ڕێوه‌بردنی‌ رێوشوێنه‌ دینییه‌كانی‌ تایبه‌ت به‌خۆیاندا بۆ جووله‌كه‌كان دابین كرابوون، یا ئه‌و مافه‌ نه‌ته‌وه‌یی‌‌و كه‌لتوورییانه‌ی‌ به‌ ئازه‌رییه‌كانی‌ كوردستان درابوون، نیشانده‌ری‌ بڕوای‌ به‌ڕێوه‌به‌رانی‌ كۆمار به‌ دێموكراسی‌‌و مافه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانی‌ مرۆڤ بوون. سه‌رنجراكێش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌م ماف‌و ئازادییانه‌ له‌ كاتێكدا له‌لایه‌ن كۆماری‌ كوردستانه‌وه‌ دابین‌و ده‌سته‌به‌ر كرابوون كه‌ هێشتا به‌یاننامه‌ی‌ جیهانیی‌ مافی‌ مرۆڤ په‌سند نه‌كرابوو‌و بڵاونه‌كرابۆوه‌!
دیاره‌ پێكهاتنی‌ كۆماری‌ كوردستان بۆ خۆی‌ به‌رهه‌می‌ دیارده‌یه‌كی‌ مۆدێڕنی‌ دیكه‌ بوو كه‌ پێكهاتنی‌ حیزبێكی‌ سیاسیی‌ پێشكه‌وتوو له‌ كوردستان بوو. به‌ره‌وپێشچوونی‌ خه‌باتی‌ سیاسی‌‌و نه‌ته‌وه‌یی‌ له‌لایه‌ن حیزبی‌ دێموكرات‌و به‌دیهاتنی‌ خه‌ونی‌ له‌مێژساڵه‌ی‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ كورد له‌ باره‌ی‌ گه‌یشتن به‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ سیاسییه‌وه‌، هه‌م بۆ خۆیان شتێكی‌ نوێ‌ بوون، هه‌م چه‌ندین دیارده‌ی‌ مۆدێڕنی‌ دیكه‌یان لـێ‌كه‌وته‌وه‌. هاتنی‌ چاپخانه‌ بۆ كوردستان‌و په‌ره‌گرتنی‌ رۆژنامه‌نووسی‌‌و چاپه‌مه‌نی‌ به‌ زمانی‌ كوردی‌، بایه‌خدان به‌ خوێندن‌و نووسین به‌ زمانی‌ كوردی‌‌و ئیجباری‌ كردنی‌ خوێندن بۆ كچ‌و كوڕ، پێكهاتنی‌ رێكخراوه‌كانی‌ تایبه‌ت به‌ لاوان‌و ژنان، بووژاندنه‌وه‌ی‌ شێعر‌و ئه‌ده‌بیاتی‌ كوردی‌، چاوخشاندنه‌وه‌ به‌ پێوه‌ندییه‌كانی‌ نێوان خاوه‌ن مڵك‌و گوندنشینان به‌ قازانجی‌ وه‌رزێڕان‌و، سیاسه‌ت كردن به‌ شێوه‌یه‌كی‌ نوێ‌‌و به‌ پێودانی‌ سه‌رده‌مییانه‌ هه‌ر له‌ پێوه‌ندی‌ له‌گه‌ڵ‌ خه‌باتگێڕان‌و نیشتمانپه‌روه‌رانی‌ كورد له‌ به‌شه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ كوردستان‌و یه‌كیه‌تی‌ له‌گه‌ڵ‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ هاوخه‌بات (ئازه‌ری‌)ڕا بگره‌ تا دۆستایه‌تی‌‌و هاوپه‌یمانی‌ له‌گه‌ڵ‌ هێزه‌ سیاسییه‌ ئێرانی‌‌و ده‌ره‌كییه‌كان‌و، دیالۆگ له‌گه‌ڵ‌ ده‌سه‌ڵاتـی‌ ناوه‌ندی‌‌و به‌ڕێوه‌بردنی‌ كار‌وباری‌ خه‌ڵك، له‌ دیارده‌ نوێ‌‌و مۆدێڕنه‌كانی‌ سه‌رده‌می‌ كۆماری‌ كوردستان بوون كه‌ به‌ڕێوه‌به‌رانی‌ كۆمار، داهێنه‌ر‌و هانده‌ریان بوون.
به‌ڵام سه‌بارت به‌م به‌شه‌ی‌ پرسیاره‌كه‌ت كه‌ ئه‌م دیاردانه‌ هه‌تا چه‌ند پیاده‌ كران؟ ئاشكرایه‌ كه‌ كورتیی‌ ماوه‌ی‌ ته‌مه‌نی‌ كۆمار، پاشكه‌وتوویی‌ كۆمه‌ڵ‌‌و ئه‌و هه‌موو گیروگرفته‌ نێوخۆیی‌‌و ده‌ره‌كییانه‌ كه‌ كۆمار له‌گه‌ڵیان به‌ره‌وروو بوو، رێگایان نه‌دا ئه‌م دیارده‌ نوێیانه‌ جێگیر بن‌و به‌ ته‌واوی‌ جێگای‌ خۆیان بكه‌نه‌وه‌. به‌وحاڵه‌ش شوێنه‌وارێكی‌ قووڵیان له‌سه‌ر كۆمه‌ڵ‌‌و بیروڕای‌ خه‌ڵك دانا‌و، ئه‌م باوه‌ڕ‌و بۆچوون‌و بایه‌خه‌ نوێیانه‌ له‌ بیروباوه‌ڕ‌و تێكۆشان‌و هه‌ڵوێستی‌ نه‌سڵه‌كانی‌ دوای‌ رووخانی‌ كۆماری‌ كوردستاندا، به‌ جوانی‌ ره‌نگیان دایه‌وه‌‌و قووڵتر بوونه‌وه‌.

2006-01-31

 
z ڕێکه‌وتی 2006/1/31-22:36 له‌لایان qader wirya چینی وتووێژه‌کان