قادر وریا
حیزبى دێموكراتى كوردستانى ئێران لە مانگەكانى داهاتوودا، كۆنگرەى خۆى دەبەستێ. ئەم كۆنگرەیە دەتوانێ رۆڵێكى گرنگى هەبێ لە چارەنووسى ئەم حیزبەو پێوەندى نێوان حیزبى ناوبراوو حیزب و رێكخراوەكانى دیكەى رۆژهەڵاتى كوردستان و یەك لەوان حیزبى دێموكراتى كوردستان دا. بە مەرجێك كە ئەم كۆنگرەیەش وەك كۆنگرەى چاردەیەمى حیزبى دێموكراتى كوردستان، ببێ بە كۆنگرەى بەخۆداچوونەوەو رەخنە لە خۆگرتن و ماڵاوایى كردن لەو جۆرە روانین و بیركردنەوانەى كە لەمێژە سەردەمیان بەسەر چووەو هیچ خێرو دەسكەوتێكیان بۆ ئەم حیزبەو بزووتنەوەى ئازادیخوازى لە رۆژهەڵاتى كوردستان لێنەكەوتۆتەوە.
ئەگەر حیزبى ئێمەش لەبارەى لایەنى بەرانبەریەوە، هەر وەك هاوڕێیانى پێشوو لەبارەى خۆمانەوە بیرى كردبایەوە، دەبوایە "خەونى گولانە" بە كۆنگرەكەیانەوە ببینم و ئارەزوو بكەم لەم كۆنگرەیەدا لەبەریەك هەڵ بوەشێن و هتد. بەڵام بەپێچەوانە، ئارەزوو دەكەم كۆنگرەكەیان كۆنگرەى سەركەوتنى ئەو بیروبۆچوون و روانگانە بێ كە پێشكەوتنى حیزبى دێموكراتى كوردستانى ئێران لە بەخۆداچوونەوەو دووركەوتنەوە لە دەمارگرژىو ملدان بۆ راستییەكان دا دەبینن و، سەركەوتنى حیزبەكەیان و جووڵانەوەى كورد لە رۆژهەڵاتى كوردستان بە یەكتر قبووڵكردن و تەبایی و هاوكاریى نێوان هەموو هێزو لایەنەكانى نێو ئەو جوولانەوەیە دەبەستنەوە.
خۆ ئەگەر لە روانگەى بەرژەوندى تەسكى حیزبایەتییەوە سەیرى كۆنگرەى داهاتووى هاوڕێیانى پێشوومان بكەم، بە قازانجى حیزبى ئێمەیە هیچ لەو گۆڕانانەى لە كۆنگرەى چاردەیەمى حیزبى دێموكراتى كوردستان دا روویان داو، ئیعتبارى ئەم حیزبەیان بە شێوەیەكى حاشا لینەكراو پێبەرزبۆوە، لە كۆنگرەى داهاتووى ئەوان دا، روونەدەن. چونكە ئەوكات، ئەو قسانەى ئەوان پێش كۆنگرەى چاردە لەبارەى ئێمەوە دەیان كرد، لەبارەى خۆیانەوە وەڕاست دەگەڕێ. ئەگەر رۆژێك لە رۆژان ئەوان بە ئێمەیان دەگوت " ئەوانە راست ناكەن، باوەڕیان بە گۆڕان و نوێبوونەوە نیەو، كێشەكەیان كێشەى كورسی و دەسەڵاتە " و هتد، لەم حاڵەتەدا ئێمە ـ كە سەلماندمان ئەم قسانە راست نین ـ دەتوانین بەوان بڵێین نەتانتوانى مل بۆ گۆڕان بدەن و لە پێناوى پاراستنى بەرژەوەندیى شەخسی و گرووپی و رێكخراوەییدا، خۆتان لە زۆر كارى پێویست بوارد. بەڵام ئێمە قازانج و بەرژەوەندییەكى ئەوتۆمان بۆ حیزبى خۆمان ناوێ كە سوودى نەتەوەكەمانى تێدا نەبێ. هەربۆیە ئارەزوو دەكەین كۆنگرەى داهاتووى هاوسەنگەرانى پێشوومان، كۆنگرەى رەخنەگرتن لە رابردوویەكى پڕ لە ململانێى ناپیرۆز و، كۆنگرەى ئەزموون وەرگرتن لەو چارەنووسە بێ كە حیزبەكانى رۆژهەڵات یەك بەدواى یەك بەسەریان دا هات.
زۆر باشم لەبیرە لە دواى كۆنگرەى هەشت كە بەشێكى بەرچاو لە هاوڕێیانمان ریزى خۆیان لە ئێمە جیاكردەوەو لەژێر ناوى "حیزبى دێموكراتى كوردستانى ئێران ـ رێبەرایەتیى شۆڕشگێڕ" دا، درێژەیان بە خەبات و تێكۆشان دا، هەبوون كەسانێك لە نێو ئێمەدا دەیانگوت "ئۆخەیش حیزبەكەمان پاك بۆوەو ئەمجار بە ئاسوودەیى كارى خۆمان دەكەین". بەڵام هێشتا نەچووبووینە نێو ساڵۆنى كۆنگرەى نۆیەم كە جارێكى دیكە ململانی و ریزبەندى سەرى هەڵ دایەوەو، ئەو هاوڕێ هاودڵانەى ساڵێك پێشتر خۆیان بە خادیمى كوردو بەرحەق و، "رێبەرایەتیى شۆڕشگێڕ"یان بەچی و چى دەزانى، هەر ئەم قسانەیان بە یەكتر گوتەوە كە تا دۆینێ پێكەوە بە نەیارە هاوبەشەكەیان دەگوت! لە دواى لەتبوونى حیزبى دێموكراتى كوردستانى ئێرانیش، بیستمان و خوێندمانەوە كە "ئۆخەیش حیزبەكەمان پاك بۆوە و ئەمجار بە ئاسوودەیى كارى خۆمان دەكەین". بەڵام ناشاردرێتەوە كە ئەو حیزبە بەو تەعبیرى گۆرین هەر "پاك" نەبۆتەوە و ئەم"ئاسوودەیى"یەى ئارەزوو دەكرا، زۆرى نەخایاندوە! ئەمە هەر تایبەت بە حیزبى دێموكراتى كوردستانى ئێران نیە. لە نێو حیزبەكانى دیكەى رۆژهەڵاتى كوردستانیش دا، هەر ئەم سیناریۆیە دووپات بۆتەوە. هۆیەكەشى زۆر روونە. ئەوە كەسەكان نین بە هاتنیان بۆ نێو حیزبێك، كێشەى بۆ دروست دەكەنو بە رۆیشتنیان حیزبەكە پاك دەبێتەوە. گرفتەكە لە خودى حیزبەكانو عەقڵیەتى زاڵ بەسەر حیزب و رێكخراوەكان دایە. سەرچاوەى سەرەكیى نەخۆشییەكە ئەو نەریتەیە كە لە نێو هەر حیزب و رێكخراوێك دا، هێندێك كەس رێكخراوەكە بە مڵكى خۆیانو خۆشیان بە پیرۆز دەزانن و، هەر كەسیش ناى بەم جۆرە بیركردنەوەو دەرئەنجامەكانى گوت، هەوڵ دەدرێ لە پەراوێز بخرێ و وەدەر بنرێ. تازە بۆ ئەم هەوڵەش لە هەمان میتۆدو میكانیزمى "تهدید" و "تكفیر" كەڵك وەردەگیرێ كە لەمێژە سەردەمیان بەسەر چووە.
حیزبى دێموكراتى كوردستان بە پێكهێنانى سەركەتووانەى كۆنگرەى چاردەیەمى خۆى، ماڵاوایى لەم نەریت و عەقڵیەتە ماڵوێرانكەرە كرد. ئەم مەترسییەشى لەبەرچاوە كە ئەگەر لە جێبەجێكردنى بڕیارو پەسندكراوەكانى كۆنگرەكەى لەبارەى دێموكراسیى نێوخۆیى غافڵ بێ، تووشى هەمان نەخۆشى دەبێتەوە كە پێشتر بە دەستییەوە ناڵاندوویەتى. هیچ گومانیشم لەوەدا نیە حیزبێك كە گەیشتبێتە ئەو پلەیە لە پێگەیشتوویی و ئازایەتیى فكرى كە واقیعبینانە بە رابردووى خۆى دا بچێتەوە و بتوانێ كێشەكانى نێوخۆى بە شێوەیەكى دێموکراتیک و سەردەمییانە چارەسەر بكا، دەشتوانێ لە دامەزراندنى پێوەندى لەگەڵ هێزو رێكخراوو لایەنەكانى دیكەداو، لە بوار رەخساندن بۆ پێكهێنانى كۆدەنگی و هاوكاری لە ئاستى نەتەوەیی و نیشتمانیدا، سەركەوتوو بێ.
بە سەرنجدان بەم خوێندنەوەیەیە كە ئارەزوو دەكەم كۆنگرەى داهاتووى هاوڕێیانى پێشوومان لە خزمەت وازهێنان لە دۆگماتیزم، دەمارگرژى، داخراوى و ململانێى ناسالم دا بێ، دێموكراسى نێوخۆیى لە نێو ئەوان دا پەرە پێ بدا، كولتوورى كراوەیی و یەكتر قبووڵكردن و وێكهەڵكردن لە نێوخۆى ئەوان و لەگەڵ دەرەوەى خۆیان دا، برەو پێبداو، رێگا بۆ نزبكبوونەوە لە حیزبى دێموكراتى كوردستان و دەست پێكردنى قۆناغێكى نوێ لە مێژووى هاوخەباتیى رێكخراوە سیاسییەكان لە رۆژهەڵاتى كوردستان دا خۆش بكا