هیوا ره‌حمانی
له كۆماری ئیسلامی‌دا، بڕیار به‌ده‌ستانی ئه‌سڵیی وڵات به ده‌نگی خه‌ڵك هه‌ڵ نابژێردرێن (وه‌ك رێبه‌ری نیزام كه ده‌سه‌ڵاتێكی یه‌كجار زۆری هه‌یه). ئه‌وانه‌ش كه خه‌ڵك ده‌توانێ ده‌نگیان پێ بدا، هه‌م ده‌سه‌ڵاتێكی ئه‌وتۆیان نیه، هه‌م كاندیدای خه‌ڵك نین، به‌ڵكوو كاندیدای نیزامن. چونكه كاندیداتۆری له ئێران‌دا ئازاد نیه‌و، شووڕای نیگابان ته‌نیا ئه‌و كه‌سانه وه‌ك كاندیدا بۆ پۆسته‌كانی وه‌ك سه‌ركۆماری و مه‌جلیس و هتد... دێڵێته‌وه، كه بۆخۆی پێی باش بن. له نێو ئه‌وه‌نده كاندیدایه‌شدا كه شووڕای نیگابان سه‌لاحیه‌تییان ته‌ئیید ده‌كا، رێبه‌ری نیزام و هێزو ده‌زگاكانی سه‌ر به رێبه‌ری (شووڕای نیگابان، وه‌زاره‌تی نێوخۆ، رادیۆ‌و ته‌له‌ویزیۆن)، سوپای پاسداران، به‌سیج و... ، له رێگه‌ی جۆراوجۆره، هه‌وڵی سه‌ر خستنی ئه‌و كاندیدا یا ئه‌و كاندیدایانه ده‌ده‌ن كه بۆ خۆیان مه‌به‌ستیانه. ئه‌گه‌ر سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌و كۆسپانه، خه‌ڵك توانیان "نا" به سیسته‌می ویلایه‌تی فه‌قیهی و كاندیدای دڵخوازی ئه‌و سیسته‌مه بڵێن و یه‌كێك هه‌ڵ بژێرن كه تا راده‌یه‌ك له بیركردنه‌وه‌دا له‌گه‌ڵ كاندیدای بڕیاربه‌ده‌ستانی ئه‌سڵیی نیزام جیاوازیی هه‌یه، ئه‌و كات له رێگه‌كانی دیكه‌وه هه‌وڵ ده‌ده‌ن هه‌موو كاره‌كانی ئه‌و هه‌ڵبژێردراو یا هه‌ڵبژێردراوه‌نابه‌دڵانه پووچه‌ڵ بكه‌نه‌وه‌و، به شێوه‌ی جۆراوجۆر كۆسپیان بۆ دروست بكه‌ن.
له 2ی جۆزه‌ردانی 1376دا، خه‌ڵكی ئێران كاندیدای دڵخوازی وه‌لیی فه‌قیهیان (كه ناتیق نووری بوو) تێك شكاند‌و خاته‌میان هه‌ڵبژارد. له هه‌ڵبژاردنی مه‌جلیسی شه‌شه‌میشدا ئه‌گه‌رچی سه‌لاحییه‌تی ژماره‌یه‌كی زۆر له كاندیداكانی دڵخوازی خه‌ڵك له لایه‌ن شووڕای نیگابانه‌وه ره‌ت كرایه‌وه، به‌و حاڵه‌ش خه‌ڵك كه‌سانێكیان هه‌ڵبژارد كه ئه‌گه‌رچی سه‌لاحییه‌تیان ته‌ئیید كرابوو، به‌ڵام به دڵی كۆنه‌پارێزان و رێبه‌ری نیزام نه‌بوون. بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م سه‌ركۆماره‌و ئه‌و مه‌جلیسه نه‌توانن له‌وه‌نده ده‌سه‌ڵاته سنوورداره‌ش كه هه‌یانبوو، به باشی كه‌ڵك وه‌ربگرن، رێبه‌ری نیزام و دام و ده‌زگاكانی سه‌ر به ناوبراو، ده‌وڵه‌تێكیان له نێو ده‌وڵه‌تدا وه‌كار خست و، ئه‌وه‌نده‌یان ئۆرگان و ناوه‌ندی هاوته‌ریبی ئۆرگان و ناوه‌ندی ره‌سمی و قانوونییه‌كان به كار هێنا كه سه‌ركۆمارو مه‌جلیس نه‌توانن له پێستی خۆیاندا بجووڵێنه‌وه! له راستیدا ئه‌و دوو نیهاده هه‌ڵبژێردراوه‌ی خه‌ڵك (كه ئه‌و هه‌مووه كۆسپه‌ش له سه‌ر رێگه‌ی هه‌ڵبژاردنی دێموكراتیكی ئه‌وان هه‌یه)، هه‌ر كات به دڵی بڕیارده‌رانی راسته‌قینه‌ی سیستمی ده‌سه‌ڵاتداری نه‌بوون، كاریان ته‌نیاو ته‌نیا ده‌بێته پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ی ئه‌و قه‌یران و كار شكێنیانه‌ی ئۆرگان و ناوه‌نده ناقانوونییه هاوته‌ریبه‌كان بۆیان دروست ده‌كه‌ن.
به تازه‌یی ناوه‌ندی به‌ڵگه‌نامه‌كانی مافی مرۆڤ له ئێران (iranhrdc) راپۆڕتێكی له‌سه‌ر چالاكیی نهێنی و ناقانوونیی ده‌زگاو دامه‌زراوه هه‌واڵگرییه‌كانی هاوته‌ریب له سه‌رده‌می سه‌ركۆماریی خاته‌می (1376 تا 1384)دا، بڵاوكردۆته‌وه. ئه‌م گرووپ و دامه‌زراوه ناقانوونییانه كه سه‌ر به دام و ده‌زگا ده‌وڵه‌تییه‌كان و ده‌سه‌ڵاتی قه‌زایی بوون له لایه‌ن كۆنه‌پارێزانه‌وه بۆ كۆنترۆڵ كردنی ده‌سه‌ڵات له سه‌رده‌می خاته‌می دا به كار هێنراون. راپۆرته‌كه ده‌ڵێ ئه‌م دامه‌زراوه هاوته‌ریبانه، كاریان هه‌ڕه‌شه‌و ترساندن و ده‌مكوتكردنی ریفۆرمخوازان، نه‌یارانی سیاسی و، ئه‌و كه‌سانه بووه كه ره‌خنه‌یان له كۆنه‌پارێزان ده‌گرت. رۆژنامه‌نووسان، چالاكانی خوێندكاری و چالاكانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی له ئامانجه سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌و دامه‌زراوانه بوون. قوربانیانی ئه‌م ده‌زگایانه له‌و به‌ندیخانانه‌دا راده‌گیران كه له ژێر چاوه‌دێریی "رێكخراوی به‌ندیخانه‌كانی وڵات " دانه‌بوون. ئه‌وان به شێوه‌یه‌كی وه‌حشیانه لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كراو بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر له ژووری تاكه‌كه‌سی دا راده‌گیران. ته‌نانه‌ت پێش ئازادكردنیش، ئه‌زیه‌ت و ئازار ده‌دران.
گیراوه‌كان به تاوانی وه‌ك تێكدانی ته‌ناهیی وڵات، جاسووسی، كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری بۆ ده‌وڵه‌تانی بێگانه‌و بێحورمه‌تی به به‌رپرسانی نیزام تاوانبار ده‌كران. به‌و مه‌رجه‌ش ئازاد ده‌كران كه دان به‌و تاوانانه دابنێن كه ده‌زگا هه‌واڵگرییه هاوته‌ریبه‌كان، بۆ بڵاوبوونه‌وه له ته‌له‌ڤیزێون، بۆیان ده‌نووسین. "رێنێ رێدمه‌ن" به‌ڕێوه‌به‌ری ئیجرایی ناوه‌ندی به‌ڵگه‌نامه‌كانی مافی مرۆڤ له ئێران، ده‌ڵێ:"پانتایی و به‌ربڵاویی چالاكیی نهێنی ئه‌و ده‌زگایانه له نێوخۆ‌و ده‌ره‌وه‌ی ئێران ناڕوونه. ئێمه هیوادارین راپۆرته هه‌فتا لاپه‌ره‌ییه‌كه‌مان به‌شێك له‌و چالاكییانه‌ی له قاو دابێ. هه‌روه‌ها هیوادارین جارێكی دیكه ئه‌و چالاكییانه دووپات نه‌بنه‌وه."
ئێستا كه هه‌ڵبژاردنی ده‌یه‌مین ده‌وره‌ی سه‌ركۆماری له ئێران له‌م رۆژانه‌دا به‌ڕێوه ده‌چێ، ده‌رفه‌تێكی دیكه بۆ ململانێی خه‌ڵك له‌گه‌ڵ سیستمی ویلایه‌تی فه‌قیهی و نا گوتنه‌وه به‌و سیسته‌مه له‌به‌رده‌م خه‌ڵك دایه. ئه‌گه‌ر خه‌ڵك له‌و ململانییه‌دا سه‌ر بكه‌ون، جارێكی دیكه ئه‌م دامه‌زراوه ناڕه‌سمی و ناقانوونییانه، ده‌وڵه‌تێك له نێو ده‌وڵه‌تێكدا دروست ده‌كه‌نه‌وه‌و، رێگه له‌و گۆڕانانه ده‌گرن كه خه‌ڵك داوایان ده‌كه‌ن. ده‌بێ خه‌ڵكی ئێران نه‌كشێنه‌وه‌و له مه‌یدان دابن بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی دیكه، پێشڕه‌وی و ده‌سكه‌وته‌كانیان پووچه‌ڵ نه‌كرێته‌وه‌و، بتوانن به‌شێك له‌و دروشم و به‌رنامانه‌ی ده‌نگیان پێ داون، به سه‌ركۆماری تازه‌و كۆماری ئیسلامی جێبه‌جێ بكه‌ن.
سه‌رچاوه. http://www.iranhrdc.org