قادر وریا
ئه‌گه‌ر 28ی گه‌لاوێژی 1358، به‌بۆنه‌ی راگه‌یه‌ندرانی شه‌ڕێكی ره‌سمیی هه‌موو لایه‌نه له دژی كورد له لایه‌ن خومه‌ینی بناغه دانه‌ری رێژیمی ئیسلامیی ئێرانه‌وه، وه‌ك رۆژێكی شووم له مێژووی خه‌باتی خه‌ڵكی كوردستان دا تۆمار كراوه، له به‌رامبه‌ر دا 26ی خه‌زه‌ڵوه‌ری هه‌مان ساڵ، وه‌ك رۆژی سه‌ركه‌وتنی خه‌بات و خۆراگریی گه‌لی كورد، چۆته نێو لاپه‌ره‌كانی مێژووه‌وه. چونكه هه‌ر ئه‌م خومه‌ینی‌یه‌ی 3 مانگ پێشتر، هه‌موو هێزه چه‌كداره‌كانی رێژیمی تازه‌و لایه‌نگرانی ئه‌و رێژیمه‌ی بۆ له‌شكركێشی بۆ سه‌ر كوردستان و سه‌ركوتی داواكارانی ئازادی و مافی نه‌ته‌وه‌یی ده‌نگ دابوو، له 26ی خه‌زه‌ڵوه‌ردا، ناچار بوو به راوێژێكی ئاشتیخوازانه‌وه روو بكاته‌وه خه‌ڵكی كوردستان و له په‌یامێك دا، قسه‌كانی پێشووی به جۆرێك وه‌ربگرێته‌وه‌و بڵێ به‌دخوازان ئه‌منیان خراپ تێ‌گه‌یاندبوو. ئێوه له‌سه‌ر حه‌قن و ده‌وڵه‌ت ده‌بێ گرفته‌كانتان چاره‌سه‌ر بكا!
حیزبی دێموكراتی كوردستان و گه‌لی كورد له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان كه شه‌ڕێكی ناڕه‌واو نابه‌رامبه‌ریان به‌سه‌ردا سه‌پابوو و، له ده‌رفه‌تێك ده‌گه‌ڕان بۆ ئه‌وه‌ی كێشه‌ی كوردستان به رێگای ئاشتیخوازانه‌دا چاره‌سه‌ر بكرێ، ئه‌م هه‌له‌یان قۆسته‌وه. دوكتور قاسملوو، سكرتێری گشتیی حیزب له میتینگێكی گه‌وره‌دا كه له شاری مه‌هاباد به دوای ئه‌م په‌یامه‌ی خومه‌ینی‌دا به‌ڕێوه‌چوو، "لبیك"ی به په‌یامی ئاشتیخوازانه‌ی خومه‌ینی گوت و خۆشحاڵیی حیزبی دێموكرات و گه‌لی كورد‌و ئاماده‌یی ئه‌وانی بۆ چاره‌سه‌ری پرسی كوردستان به رێگای وتووێژ‌و هێمنانه‌دا راگه‌یاند.
ئێستا كه پاش 30 ساڵ ئاوڕ له‌م رۆژه ده‌ده‌ینه‌وه، جێی خۆیه‌تی هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ك له‌سه‌ر گرنگیی په‌یامه‌كه‌ی خومه‌ینی و رۆژی 26ی خه‌زه‌ڵوه‌ر له مێژووی خه‌بات و خۆڕاگریی حه‌قخوازانه‌ی خه‌ڵكی كوردستان دا بكه‌ین.
ئه‌م گۆڕانه‌ی له هه‌ڵوێست و راوێژی خومه‌ینی دا به‌رامبه‌ر به خه‌ڵكی كوردستان و داواكانیان پێك هاتبوو، ئه‌گه‌ر بۆ رێبه‌ریی ئه‌و رێژیمه‌و لایه‌نه شه‌ڕخوازه‌كانی نێوده‌سه‌ڵاتی تازه، پاشه‌كشه‌و شكست بوو، بۆ خه‌ڵكی كوردستان و هێزه خه‌باتگێره‌كانی، به‌ره‌و پێشچوون و سه‌ركه‌وتن بوو. له ماوه‌ی 3 مانگ شه‌ڕی داسه‌پاو دا، خه‌ڵكی كوردستان ئه‌گه‌رچی شاهیدی كۆمه‌ڵێك كاره‌ساتی دڵته‌زێنی وه‌ك قه‌ڵاچۆی خه‌ڵكی قاڕنێ، ئیعدامی پۆل¬پۆل له رۆڵه‌كانیان به ده‌ستی خه‌ڵخاڵی، حاكمی شه‌رعی رێژیم و نێردراوی خومه‌ینی بۆ كوردستان، ئاواره‌بوونی دانیشتووانی شاڕو گونده‌كان و وێرانی و ماڵوێرانی به بۆنه‌ی ئه‌م شه‌ڕه‌وه بوون، به‌ڵام ته‌سلیمی رێژیمی تازه نه‌بوون. ئه‌وان سه‌ره‌ڕای داسه‌پانی كوتوپڕی شه‌ڕه‌كه، نه‌بوونی ده‌رفه‌ت بۆ رێكخستنی خۆراگرییه‌كی رێك‌وپێك و به به‌رنامه‌و، وێڕای نه‌بوونی ئه‌زموونی شه‌ڕو به‌ره‌نگاری به‌رامبه‌ر به له‌شكركێشی‌یه‌كی به‌ربڵاوی زه‌مینی و په‌لاماری هه‌وایی، به دڵنیابوون له به حه‌قبوونی داواكانیان، به دژی شه‌ڕی داسه‌پاو وه‌ستانه‌وه. ئه‌و خۆراگرییه حه‌ماسییه‌ی خه‌ڵك له نێو شاره‌كان و، هێزی پێشمه‌رگه له ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كان به‌رامبه‌ر له‌شكری په‌لامارده‌ر نواندیان، خومه‌ینی و به‌ڕێوه‌به‌رانی دیكه‌ی رێژیمی تازه‌یان تێ‌گه‌یاند كه له‌باره‌ی كوردستانه‌وه به هه‌ڵه‌چوون و له رووبه‌روو بوونه‌وه له‌گه‌ڵ گه‌لی كورددا، سه‌ریان وه‌به‌ردی ره‌ق كه‌وته‌وه. ئه‌گه‌ر له سه‌ره‌تای شه‌ڕه‌كه‌دا حیزبی دێموكرات و رێكخراوه‌كانی دیكه بۆ پێشگیری له وێرانیی زیاتر، شاره‌كانیان به‌جێ ده‌هێشت و به رواڵه‌ت ئه‌رته‌ش و هێزه چه‌كداره‌كانی رێژیم سه‌ركه‌وتنی یه‌ك به‌دوای یه‌كیان له گرتنه‌وه‌ی شاره‌كان دا به‌ده‌ست ده‌هێنا، دواتر وه‌ره‌ق وه‌ڕسووڕایه‌وه و، ئه‌و هێزانه‌ی رێژیم نه‌ك هه‌ر نه‌یانتوانی كوردستان كۆنترۆڵ بكه‌ن، به‌ڵكوو ته‌نانه‌ت له‌نێو شاره‌كانیش دا، پێگه‌و بنكه‌كانی خۆیان بۆ نه‌ده‌پارێزراو شایه‌دی شكست به دوای شكست دا بوون. به‌م جۆره ئیراده‌ی خۆڕاگری و بڕوا به حه‌قانییه‌تی داواكانی گه‌لی كورد له ئاكامی یه‌كگرتوویی و هاودڵیی خه‌ڵكی كوردستان دا، له‌م قۆناغه‌دا به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانی شه‌ڕخوازو شه‌ڕفرۆش دا سه‌ركه‌وت.
به دوای بڵاو بوونه‌وه‌ی په‌یامی 26ی خه‌زه‌ڵوه‌ری خومه‌ینی دا، هه‌وڵدان بۆ چاره‌سه‌ری پرسی كوردستان به رێگای دیالۆگ دا ده‌ستی پێ‌كرد. ده‌وڵه‌تی كاتیی خوالێخۆشبوو مه‌هدی بازرگان، هه‌یئه‌تێك له وه‌زیره‌كانی خۆی بۆ سه‌ردانی كوردستان و وتووێژ له‌گه‌ڵ رێكخراوه سیاسییه‌كان و نوێنه‌رانی چین و توێژه جیاوازه‌كانی خه‌ڵك دیاری كرد كه ره‌وانشاد داریووش فرووهه‌ر یه‌ك له‌وان بوو. له كوردستانیش ده‌سته‌ی نوێنه‌رایه‌تیی گه‌لی كورد (هیأت نمایندگی خلق كرد) بۆ وتووێژ له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی پێك هات. حیزبی دێموكرات كه له‌م هه‌یئه‌ته دا له‌لایه‌ن دوكتور عه‌بدولره‌حمان قاسملۆوه نوێنه‌رایه‌تی ده‌كرا، نه‌خشی وته‌بێژی هه‌بوو.
ده‌سته‌ی نوێنه‌رایه‌تیی گه‌لی كورد یه‌كه‌م ئه‌زموونی هاوكاریی نێوان رێكخراوه سیاسییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان بوو و، به‌رهه‌می ئه‌م عه‌قڵییه‌ته دروسته بوو كه له وتووێژ له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی دا پێویسته رێكخراوه سیاسییه‌كان یه‌كگرتوو و هاوده‌نگ بن و رێژیم نه‌توانێ له پرژوبڵاوی و كه‌لێنی نێوان ئه‌وان به قازانجی خۆی و به زیانی بزووتنه‌وه‌ی خه‌ڵكی كوردستان كه‌ڵك وه‌ربگرێ. قۆناغی شه‌ڕی 3 مانگه بیجگه له وتووێژ له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی، ئه‌زموونی به‌شداریی خه‌ڵكی كوردستان له یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنی مه‌جلیسی شوورای میللی ( كه دواتر ناوی مه‌جلیسی شوورای ئیسلامیی له سه‌ردانرا)یشی تێدا بوو. ئه‌م قۆناغه بۆ رێكخراوه سیاسییه‌كانی كوردستان هه‌روه‌ها ده‌رفه‌تێك بوو بۆ خۆرێكخستنه‌وه‌و، بۆ ناساندنی ئامانج و به‌رنامه‌و سیاسه‌ته‌كانیان به خه‌ڵك و، گه‌یاندنی ده‌نگی خۆیان به چاپه‌مه‌نی و كۆڕ‌و كۆمه‌ڵه‌و رێكخراوه سیاسی و روناكبیرییه‌كانی ئێران.
له باره‌ی وتووێژه‌كانی كورد‌و ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی دوای شه‌ڕی 3 مانگه‌وه، ده‌بێ بگوترێ به‌داخه‌وه ئه‌م وتووێژانه هیچیان لێ شین نه‌بۆوه. ئه‌مه به جێگای خۆی كه وه‌زیره دیاریكراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت بۆ وتووێژ له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی كوردستان، شتێكی روون و دیاریكراویان بۆ چاره‌سه‌ری پرسی كوردستان پێ‌نه‌بوو، هه‌ر له جێ‌دا ئه‌وان و ده‌وڵه‌تی بازرگان له‌م پێوه‌ندییه دا‌و له زۆر بواری دیكه‌ش دا، بڕیارده‌ری ئه‌سڵی نه‌بوون. بڕیارده‌ر خومه‌ینی و كۆمه‌ڵێك ناوه‌ندی دیكه بوون كه نیازی وه‌ڵامدانه‌وه به داخوازییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان و چاره‌سه‌ری پرسی كوردستان به رێگه‌ی دیالۆگ و ئاشتیخوازانه‌یان نه‌بوو. رووداوه‌كانی ئه‌م ده‌وره‌یه و دواتر ده‌ریانخست كه خومه‌ینی و هاوبیرانی، نیازیان به ده‌ست هێنانی كات بۆ خۆ ئاماده كردن و رێكخستنه‌وه‌ی هێزه‌كانیان به مه‌به‌ستی ده‌ست پێكردنه‌وه‌ی شه‌ڕ له هه‌لومه‌رجێكی باشتر دابوو. جموجۆڵی نیزامیی رێژیم له كوردستان و، ته‌بلیغاتی رادیو‌و ته‌له‌ویزیۆن له‌م ماوه‌یه‌دا، خۆبواردنی رێژیم له قبووڵی ئاكامه‌كانی هه‌ڵبژاردنی نوێنه‌رانی مه‌جلیس له كوردستان و، بێ‌وه‌ڵام هێشتنه‌وه‌ی نامه سه‌رئاواڵاكان و گه‌ڵاڵه جۆراوجۆره‌كان به مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ری داخوازه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان، هه‌موویان سه‌لمێنه‌ری ناپاكیی نیازی خومه‌ینی و هاوبیرانی له باره‌ی خه‌ڵكی كوردستانه‌وه بوون.
شه‌ڕێك كه له 28ی گه‌لاوێژ له دژی خه‌ڵكی كوردستانه‌وه ده‌ستی پێ كردبوو‌و به په‌یامی 26ی خه‌زه‌ڵوه‌ری خومه‌ینی تووشی وه‌ستان ببوو، له به‌هاری 1359وه ده‌ستی پێ‌كرده‌وه. به‌داخه‌وه هه‌وڵه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی پرسی كوردستان به دیالۆگ و به رێگای ئاشتی دا چاره‌سه‌ر بكرێن، بێ ئاكام مایه‌وه. زاڵبوونی عه‌قڵییه‌تی شه‌ڕخوازانه‌و بیری ئینكاری فره نه‌ته‌وه بوونی ئێران و به‌رده‌وامیی ئیراده‌ی زۆرداری و چه‌وساندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی، ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ی بۆ چاره‌سه‌ری پرسی كورد هاتبووه پێش، له باربرد. له‌م سۆنگه‌یه‌وه جارێكی دیكه گیان و ماڵی خه‌ڵكی كوردستان و سامانی مادی و مه‌عنه‌ویی خه‌ڵكی ئێران له ره‌وتی شه‌ڕی داسه‌پاو به‌سه‌ر گه‌لی كورددا بوونه‌وه به قوربانی. به‌ڵام ئه‌م سیاسه‌ته، ده‌كرێ بڵێین بێجگه‌له به‌دناوی، ده‌سكه‌وتێكی ئه‌وتۆی بۆ خومه‌ینی و میراتگرانی به دواوه نه‌بووه. چونكه گه‌لی كورد سه‌ره‌ڕای هه‌موو نه‌هامه‌تی و قوربانیدانێك كه له‌م 30 ساڵه دا به سه‌ری‌دا سه‌پاوه لێبڕاوتر له‌و كاته‌ی خومه‌ینی فه‌رمانی شه‌ڕی راگه‌یاند، داوای ماف و ئازادییه‌كانی ده‌كا و له‌سه‌ر دژایه‌تیی ئه‌م رێژیمه شێلگیره. ئه‌مه‌ش سه‌رنه‌كه‌وتن و به فیڕۆچوونی ئه‌و هه‌وڵانه ده‌گه‌یه‌نێ كه كۆماری ئیسلامی له ره‌وتی گرتنه‌پێشی سیاسه‌تی سه‌ركوتی گه‌لی كورددا، به كاری هێنان.